هونه‌رمه‌ندی شانۆكاری كوردستان و ئێران "خالید حه‌یده‌ری" سه‌باره‌ت به فیلمی سینه‌مایی "په‌ڕینه‌وه له غوبار" له دیدارێكی تایبه‌تدا گوتی: "كورده‌كان رێكوپێكترین و خاوه‌ن به به‌رنامه‌ترین گروپن كه ده‌یانه‌وێت یارمه‌تی بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی هێمنی به سه‌ر عێراقدا سه‌قامگیر بێت. ئه‌و هه‌ستی خۆ به‌خت كردنه كه له ناو میلله‌تی كورددا هه‌یه، ده‌رهێنه‌ری "په‌ڕینه‌وه له غوبار" بۆی گرینگه‌و له فیلمه‌كه‌دا به‌باشی ده‌بیندرێت. خوێنی ئه‌و پێشمه‌رگانه‌یه كه ده‌توانێت بزه‌یه‌ك بخاته سه‌ر لێوی داهاتووی ئه‌و وڵاته."
نمایشكردنی فیلمی "په‌ڕینه‌وه له غوبار" له فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی فه‌جر له لایه‌ن سینه‌ماكاران و هۆگرانی هونه‌ری سینه‌ما له ئێران پێشوازییه‌كی به‌رچاوی لێكراو هونه‌رمه‌ندی شانۆكار "خالید حه‌یده‌ری" یه‌كێك له بینه‌رانی تایبه‌تی ئه‌م فیلمه بوو، بۆیه چه‌ند پرسیارێكمان سه‌باره‌ت به لایه‌نه جۆراوجۆروكانی ئه‌و فیلمه ئاراسته كرد.
هونه‌رمه‌ندی شانۆكاری كوردستان و ئێران "خالید حه‌یده‌ری" له دیدارێكی تایبه‌ت بۆ ئاژانسی هه‌واڵ و به‌دواداچوونی كوردستان (په‌یامنێر) سه‌باره‌ت به‌م فیلمه دواو گوتی: "من له سه‌ر بابه‌تی فیلمه‌كه به‌و هۆیه‌ی كه كاری سینه‌ما هه‌م هونه‌ره‌و هه‌م پیشه‌یه، زۆرتر باسی لایه‌نه هونه‌رییه‌كه‌ی ده‌كه‌م. فیلمی "په‌ڕینه‌وه له غوبار" به رووخانی سه‌دام ده‌ستپێده‌كات و له‌و رۆژه‌دایه كه حكومه‌تی سه‌دام ده‌رووخێت و ئه‌م رووداوه له مێژوودا ده‌مێنێته‌وه. پاڵه‌وانی چیرۆكی فیلمه‌كه كورده‌و له‌و رۆژه‌دا تووشی به‌سه‌رهاتێك ده‌بێت كه ئه‌و به‌سه‌رهاته جێی تێبینییه. وه‌كوو ئه‌وه‌ی كه ئێمه له ئاستێكی ساده‌دا فیلمه‌كه ته‌ماشا بكه‌ین و كارمان به ئاستی بنه‌ڕه‌تییه‌كه‌ی نه‌بێت. چیرۆكی جۆرێك هه‌ستی ئینسان دۆستی و مرۆڤانه‌یه له پێشمه‌رگه‌یه‌كی كورددا بۆ فریاكه‌وتنی منداڵێك كه له كاتی شه‌ڕه‌كه‌دا ون بووه."
هه‌روه‌ها گوتی: "ئه‌گه‌ر بێینه سه‌ر باسی بنه‌ڕه‌تی بابه‌ته‌كه ئه‌و منداڵه‌ی كه پاڵه‌وانی فیلمه‌كه به ناوی "قوله‌ڕه‌ش" ده‌یناسی كه منداڵێكی عه‌ڕه‌بی ڕه‌شه، به بێ ئه‌وه‌ی كه بزانین سوننه بوو یا شیعه. قاره‌مانی فیلم به‌و هۆیه‌ی كه براكه‌ی خۆی له‌و ته‌مه‌نه‌دا ون كردبوو، هه‌ستێك هانی ده‌دا بۆ ئه‌وه‌ی كه ئه‌و منداڵه له‌و بارودۆخه قهیرانییهدا رزگار بكات. ئه‌و هه‌ستی خۆبه‌خت كردنه كه له ناو میلله‌تی كورددا هه‌یه، ده‌رهێنه‌ر ئه‌و شته‌ی بۆ گرینگ بووه‌و له فیلمه‌كه‌دا به‌باشی ده‌بیندرێت."
حه‌یده‌ری له درێژه‌ی قسهكاندیدا گوتی: "له ره‌وتی دیتنه‌وه‌ی كه‌سوكاری ئه‌و منداڵه‌دا ئێمه له فیلمه‌كه‌دا له‌گه‌ڵ چه‌ند شوێن به‌ره‌وڕوو ده‌بین وه‌كو مزگه‌وت و هێزی نیزامی ئه‌مریكییه‌كان كه هاتوون بۆ ئه‌و ناوچه‌یه كه دوو شتی دژی یه‌كترین. ئه‌گه‌ر ئاوا بیبینین، مزگه‌وت وه‌كوو سیمبولی بارودۆخێك كه زاڵه له ناوچه‌كه‌دا، به تایبه‌ت نه له عێراق به‌ڵكو له جیهانی سێیه‌مدا وه‌كوو سیمبولی ئیسلام چاوی لێبكه‌ین. نه ئیسلام حازره بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و مه‌سه‌له‌یه هه‌نگاوێك هه‌ڵێنێت و نه ئه‌مریكییه‌كان، كه بۆ رزگاركردنی ئه‌و میلله‌ته هاتوونه‌ته ناوچه‌كه‌وه."
خالید حه‌یده‌ری ئه‌وه‌شی راگه‌یاند: "من ئه‌و منداڵه‌م وه‌كو ئایندهی عێراق بینی، وه‌كو داهاتووی ئه‌و وڵاته بینی كه سه‌رگه‌ردان ماوه‌ته‌وه له نێو شه‌ڕدا، له نێو غۆبارێكدا كه بۆ خۆشی نازانێ كێ سازیكردووه. ئه‌و منداڵه هیچ روانگه و ئاسۆیه‌ك نابینێت، برسی و رهشو رووته. به‌داخه‌وه دایك و باوكی ناوێكیشیان لێناوه كه ئه‌و ناوه ناتوانێت به زمان بێنێت. پاڵه‌وانی فیلمه‌كه به جۆرێك ده‌یه‌وێت داهاتووی عێراق و داهاتووی ئه‌و وڵاته رزگار بكات. ده‌توانین بڵێین شۆرشی كوردستان له سه‌قامگیری وڵاتی عێراقدا رۆڵێكی سه‌ره‌كی بووه و هه‌روه‌ها له‌و فیلمه‌دا به هه‌مان شێوه. من ئه‌گه‌ر قووڵتر ته‌ماشای بابه‌ته‌كه بكه‌م ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه‌ی كه ده‌یه‌وێت ئه‌و كوره رزگار بكات، كاتێك له هه‌موو لایه‌نێكه‌وه له كوڵانهكهیان، له مزگه‌وت و هه‌روه‌ها له ئه‌مریكییه‌كان هیوایه‌كی نامێنێت، به‌و ئاكامه ده‌گات كه منداڵه‌كه له‌گه‌ڵ خۆی ببات و بیگێرێت تا ئه‌وه‌ی كه به‌و شوێنه‌ی كه ده‌بێت پێی بگات، واته به دایك و باوكی كه ئێمه پێی ده‌ڵێین نیشتمان، به‌ڵام به داخه‌وه له‌و رێگایه‌دا گیانی خۆی به‌خت ده‌كات."
هونه‌رمه‌ند سه‌باره‌ت به بابه‌تی شه‌ڕ له‌و فیلمه‌دا گوتی: "شه‌ڕێك كه له‌و فیلمه‌دا له گۆڕێدایه پێم وابێت، شه‌ڕێكه كه به‌ره‌كانی به هیچ شێوه‌یه‌ك دیار نین، روون نییه كه كێ له‌گه‌ڵ كێ به شه‌ڕ دێت. رۆڵی ئه‌مه‌ریكا له‌و فیلمه‌دا ته‌نیا رۆڵێكی رواڵه‌تییه، تا راده‌یه‌ك ئه‌وه‌نده‌ی كه له فیلمه‌كه‌دا ده‌یبینین به رۆخكێشانی ئه‌و جیهازانهیه كه هێزی نیزامی ئه‌مه‌ریكا هه‌یه‌تی. به راستی له‌م فیلمه‌دا بوونی ئه‌مه‌ریكا له عێراق ئه‌و شته‌ی كه ئێمه ده‌یبینین، نه یارمه‌تی ده‌دات به‌وه‌ی كه شه‌ڕ كۆتایی پێبێت، نه یارمه‌تی ده‌دات به‌وه‌ی كه دۆست و دوژمن بناسرێت."
ئه‌كته‌ری شانۆگه‌ری "موفه‌تیش" له درێژه‌دا سه‌باره‌ت به بابه‌تی ئه‌م فیلمه گوتی: "له ناوه‌رۆكی فیلمه‌كه‌دا خه‌ڵكێكی برسی و بێ ئامانج ده‌بینین. بێتوو له ره‌وتی ئه‌و بابه‌ته‌دا ئێمه بێین له سه‌ر رۆڵی كورد لێكۆڵینه‌وه بكه‌ین، رێكوپێكترین و خاوه‌ن به‌رنامه‌ترین گروپ یا جه‌ریانێك كه ده‌یه‌وێت یارمه‌تی بدات تا ئاسایش و هێمنی به سه‌ر عێراقدا سه‌قامگیر بێت، ده‌بینین كه كورده‌كانن. ئه‌مه لێره‌دا ره‌نگه بگه‌ڕێته‌وه بۆ هه‌ستی ناسیۆنالیستی ده‌رهێنه‌ر كه هیوادارم ئه‌و شته‌م دروست بینیبێ، هه‌ڵبه‌ت به له‌به‌ر چاوگرتنی ئه‌و كه‌سایه‌تیانه‌ی كه له فیلمه‌كه‌دا دایناوه."
یاریده‌ده‌رو به‌ڕێوه‌به‌ری شانۆگه‌ری "سێ په‌رده" گوتی: "له رێگای "بێ سیم"ه‌وه شتێكی زۆر زه‌ریف ده‌بینین، 2 به‌ره‌ی جیاوازی كورد ده‌بینین كه به 2 زاراوه‌ی جیاواز ده‌دوێن. یانی یه‌كگرتوویی ئه‌و دوو به‌ره‌ی كه ئێستاكه له ناو هه‌رێمی كوردستاندا حكومه‌ت ده‌كه‌ن، پێم شتێكی زه‌ریف و جوان بوو. ئه‌م دیوی بێسیمهكه به زاراوه‌ی سۆرانی و ئه‌و دیوی بێسیمهكهش به زاراوه‌ی كرمانجی قسه ده‌كه‌ن.من ئه‌و شته‌م به جۆرێك یه‌كگرتوویی نێوان ئه‌و 2 گروپه بینی كه ئێستا بارودۆخی كوردستان به ده‌ست ئه‌وانه."
نووسه‌ری شانۆنامه‌ی "ژێر داره‌كانی به‌لوت" سه‌باره‌ت به ئه‌كته‌ره‌كانی ئه‌و فیلمه گوتی: "رۆڵی سه‌ره‌كی پاڵه‌وانی چیرۆكه‌كه به له‌به‌ر چاوگرتنی ئه‌وه‌ی كه من پێشتر فیلمه‌كانی ئه‌وم نه‌بینیوه، به‌ڵام رۆڵه‌كه‌ی له سه‌ر دڵ ده‌نیشێت و جێگیر بوو، بۆ بینه‌ر جێی ره‌زامه‌ندی بوو، هه‌روه‌ها هاوڕێكه‌شی. له به‌شه‌كانی دیكه‌شدا دیاره له ئه‌كته‌ری ئاماتۆر كه‌ڵك وه‌رگیرابوو، به‌ڵام ئه‌و 2 كه‌سایه‌تییه دیار بوو ئه‌كته‌ر بوون و پێشتر كاری ئهكتهرییان كردبوو."
ئه‌م شانۆكاره كورده ده‌رباره‌ی به‌شی ده‌رهێنانی فیلمه‌كه گوتی: "له به‌شی ده‌رهێنه‌ریدا ده‌توانم بڵێم هه‌ماهه‌نگییه‌كی زۆر جوانم له كاره‌كه‌دا بینی كه چێژم لێوه‌رگرت."
"خالید حه‌یده‌ری" سه‌باره‌ت به به‌شی وێنه‌گرتنی فیلمی په‌ڕینه‌وه له غوبار گوتی: "به راستی به‌شی وێنه‌گرتنی فیلمه‌كه له هه‌موو بواره‌كانی دیكه‌ی به هێزتر بوو، چونكه وێنه‌گرتنه‌كه‌ی به شێوه‌یه‌ك بوو كه ئه‌گه‌ر بینه‌ری ئه‌و فیلمه به جۆرێك له چیرۆكه‌كه به جێ بمایه، هه‌رچه‌ند ره‌وت و ریتمی فیلمه‌كه هێمن بوو، به‌ڵام وێنه‌گر له زۆر شوێندا یارمهتیدهدا به بینه‌ر كه به دوای بابه‌ته‌كه‌دا بڕوات. زۆرم حه‌ز له كاری وێنه‌گره‌كه كرد، به تایبه‌ت له سێكانسی كۆتایی فیلمه‌كه‌دا، وام هه‌ست كرد ده‌رهێنه‌ر ده‌یه‌وێت بڵێ كه له‌و بارودۆخه قهیرانییهو له‌و غوباره‌دا، له‌و لێڵییهی كه ئێستا بوونی هه‌یه، به‌ڵام هیوایه‌كیش هه‌یه. بارانێك ده‌بارێت به‌و هیوایه‌ی كه ئه‌و خوێنانه بشواته‌وه، ته‌واوی ئه‌و ناكۆكی و ناخۆشیی ئه‌و بارودۆخه ناجۆره‌ی كه زاڵه بیشواته‌وه."
نووسه‌رو ده‌رهێنه‌ری شانۆگه‌ری "چه‌پكێك گوڵ بۆ له‌یلا" گوتی: "ئه‌و سه‌وزه‌ڵانییه كه له پلانی كۆتایی فیلمه‌كه‌دا من بینیم، زۆر پێی ئومێده‌واربووم. پێم وابێت ده‌رهێنه‌ر له‌وێدا ده‌یه‌وێت هیوایه‌ك به بینه‌ر بدات كه له‌و بارودۆخه ناجۆره‌ی كه به سه‌ر ئه‌و وڵاته‌دا زاڵه، به‌ڵام هێشتا جێی ئومێد هه‌یه كه رۆژێكی خۆش دێت. به تایبه‌ت ئه‌وه‌ی جوان بوو كه رۆڵی كورد بۆ گه‌یشتن به ئامانجی ئه‌و منداڵه كه وه‌كو شوناس و داهاتووی ئه‌و وڵاته ئێمه بیبینین، رۆڵی كورد تیایدا رۆڵێكی بهربڵاوو به‌رچاوه. ئه‌وه ده‌توانێت یارمه‌تی بدات بۆ داهاتووی ئه‌و میلله‌ته‌و رۆڵێكی سه‌ره‌كی هه‌بێت. كاتێك ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه‌ی كه دژی سواركردنی منداڵه‌كه‌یه، ئه‌و كاته‌ی كه له سێكانسی كۆتاییدا ده‌یبینین، به‌و هۆیه‌ی كه هاوڕێ پێشمه‌رگه‌كه‌ی شه‌هید بووه، ئه‌و منداڵه هه‌ڵده‌گرێته‌وه‌و ده‌یبات كه بیگه‌یه‌نێته‌وه به ده‌ستی دایك و باوكی. جۆرێك ئه‌مانه‌تداری ده‌بینین كه ئه‌گه‌ر ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه نه‌ماوه، هاوڕێكه‌ی ده‌توانێت نامه‌ی ئه‌و به ئه‌ستۆ بگرێت. هه‌روه‌ها گوتم ئه‌و منداڵه به رای من داهاتووی میلله‌تی عێراق و داهاتووی ئه‌و وڵاته‌یه كه كورد ده‌توانێت رۆڵێكی سه‌ره‌كی تێدا ببێت."
هونه‌رمه‌ند له درێژه‌ی قسه‌كانیدا گوتی: "سێكانسی كۆتایی فیلمه‌كه شتێكی زۆر جوان بوو. به باراینی ئه‌و بارانه‌و به بزه‌كانی منداڵه‌كه له پشت شووشه‌ی ماشێنه‌كه‌وه بۆ ئه‌و شه‌هیده‌ی كه جه‌نازه‌كه‌ی له پشت ماشێنهكهدایه، من هه‌ستم كرد كه ئه‌و منداڵه ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه وه‌كو شه‌هیدێك نابینێت، بۆ ئه‌و منداڵه هه‌ر زیندووه. ره‌نگه ده‌رهێنه‌ر مه‌به‌ستی ئه‌وه بێت كه خوێنی كه‌سانێكی ئاوایه كه ده‌توانێت بزه‌یه‌ك بخاته سه‌ر لێوی داهاتووی ئه‌و وڵاته، ئه‌و شته‌ی زۆر جوان بوو."
خالید حه‌یده‌ری سه‌باره‌ت به‌لایه‌نی ته‌كنیكی فیلمی په‌ڕینه‌وه له غوبار گوتی: "من چێژم له به‌شی ته‌كنیكی وه‌رگرت به تایبه‌ت له سێكانسی كۆتایی، به‌و به‌ربڵاوی دیمه‌نه، به‌و سهوزهڵانییهو ئه‌و بارانه‌ی كه ده‌بارێ؛ به‌و شتنهوهیهی كه له پشتی شوشه‌كه‌وه دیار بوو، هه‌روه‌ها به پێكه‌نینی ئه‌و منداڵه‌و به‌و بلوێره خۆشه كه ده‌نگی دێ. شتێكی زۆر سرنجڕاكێشی دیكه ئه‌مه بوو كه ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه ته‌واوی له‌شی فیشه‌ك و تفه‌نگ و چه‌كی پێوه بوو، به‌ڵام جێی ئه‌و بلوێره دیار بوو. ئه‌مه نیشان ده‌دات كه میلله‌تی كورد ئه‌وه‌نده‌ی كه جه‌نگاوه‌ره‌و ئه‌گه‌ر پێویست بێت چه‌كیان به ده‌سته‌وه‌یه، به‌و راده‌یه‌ش له هونه‌ری مۆسیقا كه به نیسبه‌ت ده‌توانین بڵێین وه‌كو خاوێن كه‌ره‌وه‌ی ده‌روونه كه‌ڵكی وه‌رگرتووه. نه‌ته‌وه‌ی كورد بۆ ژیانی رۆژانه‌ی خۆی هه‌موو كات له مۆسیقا ئیلهام و یارمه‌تی وه‌رگرتووه، یانی ئه‌گه‌ر من ئه‌و ده‌سته‌م چه‌كه ئه‌و ده‌سته‌شم ده‌توانێت ئامێری موسیقا بێت، بۆ ئه‌وه‌ی ژیان ببه‌خشم به هاوڵاتییانی خۆم."
حه‌یده‌ری ئه‌وه‌شی راگه‌یاند: "من كۆتایی ئه‌و فیلمه كه پێكهاتووه له بزه‌ی ئه‌و منداڵه، ئه‌و بلوێرهو ئه‌و بارانه زۆر پێ خۆش بوو، ده‌رهێنه‌ر زۆر خۆشی ته‌واو كرد. هه‌ر چه‌ند فیلمه‌كه فیلمێكی تاڵ بوو، ره‌ش بوو، شه‌ڕ و كوشتن و تاڵانكردن و ئه‌و شتانه‌ی تێدابوو، به‌ڵام كۆتاییه‌كه‌ی خۆش بوو. منیش هه‌ر له سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌م ئه‌و شته‌ی كه ده‌توانێت ئه‌و وڵاته رزگار بكات، بێگومان هاوره‌نگی و هاوده‌نگی و یه‌كێتی ئه‌و میلله‌ته‌یه كه به‌داخه‌وه له فیلمه‌كه‌دا ئه‌و شته‌مان نه‌دیت. هه‌ڵبه‌ت ده‌رهێنه‌ر واقیعی هێنابووه سه‌ر په‌رده، ئه‌گه‌ر ئه‌و میلله‌ته هاوره‌نگی و هاوده‌نگی و هاوده‌مییان ببوایه، ئه‌و بارودۆخ و موسیبه‌ته‌یان تووش نه‌ده‌بوو. ئه‌و منداڵه ته‌نانه‌ت ده‌رو جیرانه‌كه‌ی خۆشی ئاماده نه‌بوون، وه‌ریبگرن و حازرنه‌بوون بیناسن و شوناسایی بكه‌ن. ئه‌وه ده‌سه‌لمێنێت كه به راستی له ناو میلله‌تی عێراقدا ئه‌و یه‌كێتییه‌ی كه پێویسته بوونی نییه. شه‌ڕ وایكردووه كه ئه‌م شتانه هه‌مووی ون بووه."
هه‌روه‌ها گوتی: "ئه‌و غوباره‌ی كه نووسه‌رو ده‌رهێنه‌ری ئه‌م فیلمه باسی لێوه‌ده‌كات، ئه‌و غوبارهیه كه له‌وبه‌ری غوبارهكهوه تۆ دۆست و دوژمنی خۆت ناتوانی لێك جیا بكه‌یته‌وه. شه‌ڕ له‌و وڵاته‌دا به راستی وانییه كه دیار بێت تۆ له‌گه‌ڵ كێ به‌شه‌ڕ دێیت، دوژمنه‌كه‌ت دیار نییه كێیه. هه‌ر ئه‌مه‌ش بۆته هۆی به‌دبه‌ختی و نه‌داری ئه‌و میلله‌ته."
"خالید حه‌یده‌ری" له كۆتایی ئه‌م دیداره‌دا گوتی: "فیلمی په‌ڕینه‌وه له غوبار بابه‌تی زۆری تێدابوو، زۆر جێگای باس بوو. من وه‌ك كوردێك له‌وێدا هه‌ر به‌سه‌رهاتی كوردم نه‌ده‌دی، به‌ڵكوو به‌سه‌رهاتی میلله‌ته‌كانی دیكه‌شم ده‌دی. به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه بۆ من به تام بوو، ئه‌مه بوو كه رۆڵی نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌و وڵاته‌دا ده‌توانێت رۆڵێكی سه‌ره‌كی بێت."
هونه‌رمه‌ندی شانۆكار "خالید حه‌یده‌ری" یه‌كێكه له ئه‌كته‌رو نووسه‌رو ده‌رهێنه‌ره به تواناكانی شانۆی كوردستان و ئێران كه تا ئێستا چه‌ندین شانۆگه‌ری به‌هێزی نووسیوه و پێشكه‌شكردووه. هه‌روه‌ها له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا له كۆمه‌ڵگه‌ی شانۆی شاری تاران له چه‌ند شانۆگه‌ری و له به‌رهه‌مه‌كانی هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌ی سینه‌ما و شانۆی ئێران "بێهزاد فه‌راهانی" وه‌ك ئه‌كته‌ر ده‌وری بینیوه.
شایانی باسه فیلمی سینه‌مایی "په‌ڕینه‌وه له غوبار" یه‌كه‌م به‌رهه‌می ده‌رهێنه‌ری كورد "شه‌وكه‌ت ئه‌مین كوركی" له به‌شی "كێبڕكێی سینه‌مای ئاسیا" كه به "جلوهگاه شرق" واته "دیمه‌نی رۆژهه‌ڵات" ناوزهدكرابوو له 25مین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی فه‌جر له سینه‌ما عه‌سری جه‌دید له تاران نمایشكرا.
ئه‌م فیلمه به‌رهه‌می هونه‌ری وه‌زاره‌تی رۆشنبیری حكومه‌تی هه‌رێمی کوردستانه‌و تا ئێستا له فیستیڤاڵه‌كانی رۆتێردام له هۆڵه‌ندا، قاهیره له میسر، میلانۆ له ئیتاڵیا، ئیستانبول له توركیا، رۆتێردام له هۆڵه‌ندا، والهنتینا له به‌لژیك و فیستیڤاڵی مافی مرۆڤ له ئه‌مه‌ریكا نمایشكراوهو له فیستیڤاڵه‌كانی چه‌ندین وڵاتی دیكه‌ش خه‌ریكه بهشداریدهكات. مه‌نسوور جیهانی